Image

پەیامی بەڕێوەبەر


قۆناغێکی نوێی فێربوون                                                          

گەشەی کەسی و بەدیهێنانی ئامانجە تەکنیکی و ئەکادیمییەکان

فێرخوازانی ئازیز و خۆشەویست..

مامۆستایانی بەڕێز و هاوکارانی هێژام..

بە ناوی خۆم و  تەواوی فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتیی تۆمارەوە، گەرمترین پیرۆزبایی و بەخێرهێنانتان ئاڕاستە دەکەم بە بۆنەی دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندنەوە.

ئەمڕۆ کە پێ دەنێنە ناو کەمپەسی پیرۆزی پەیمانگەوە، تەنها وەرزی دەستپێکردنەوەی وانەکان نییە، بەڵکو دەستپێکی لاپەڕەیەکی نوێیە لە تۆماری ژیانتاندا، لاپەڕەیەک کە تێیدا بڕیار لەسەر داهاتووی پیشەیی، فکری، و کەسایەتیی خۆتان دەدەن، پەیمانگە تەنها شوێنێک نییە بۆ وەرگرتنی زانیاری، بەڵکو کەشێکیپەرەپێدانییە لەپێناو ئاڵوگۆڕی بیرۆکەکان و داڕشتنی ڕوانگەی ڕەخنەگرانە، و دروستکردنی ئەو تەکنیکارانەی کە نەوەی ئایندەی کۆمەڵگەکەمان دەستنیشاندەکەن.

تۆماری پەیمانگە

هاوڕێ و پشتیوانی ڕێگەی ئەکادیمیی فێرخوازان

کاتێک سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی تۆمار دەکەن، ڕەنگە لە یەکەم نیگادا تەنها وەک ناوەندێکی کارگێڕیی ببینن، کە بەرپرسە لە تۆمارکردنی ناوەکان، چێکردنی دۆسیەکان و....تاد، بەڵام لە ڕاستیدا تۆمار دڵی پەیمانگەیە، ئەو ناوەندەیە کە مافە ئەکادیمییەکانی ئێوە دەپارێزێت و هەنگاو بە هەنگاو، لە یەکەم ڕۆژی تۆمارکردنتانەوە تا ساتەوەختی وەرگرتنی بڕوانامەی دەرچوون و  درێژەدان بە خویندن، یان هەر کارێکی تر، هاوڕێ و هاوکار ڕاستەقینەکەتان دەبێت، لەم پێناوەشدا

دەرگای بەڕێوەبەرێتیی تۆمار هەمیشە واڵایە بۆ وەڵامدانەوەی سەرج و  پرسیارەکان، ڕوونکردنەوەی یاسا و ڕێنماییەکان، و چارەسەرکردنی ئەو کێشە کارگێڕییانەی کە ڕەنگە لە تێپەڕاندنی قۆناغەکانی خوێندندا ڕووبەڕووتان ببەنەوە، ئامانجی سەرەکیی ئێمە دروستکردنی ژینگەیەکی  پەروەردەیی، دادپەروەرانە، و ئاسانکار بۆئەوەی ئێوەی بەڕێز  بڕەخسێنین، بۆئەوەی فۆکەسی تەواوتان لەسەر پرۆسەی فێربوون بێت.

بنەماکانی سەرکەوتن

بۆئەوەی ئەم قۆناغەی تەمەنتان بەرهەمدارتر و سەرکەوتووتر بێت، پێم خۆشە چەند خاڵێکی سەرەکی، کە پێویستە هەر فێرخوازێک وەک هەوێنی ڕێگاکەی سەیریان بکات، بخەمەڕوو:

١-پابەندبوونی ئەکادیمی و ناسینی سیستەمی خوێندن

فێرخوازانی بەڕێز:

دەبێت ئەوە بزانن کە سیستمی پەیمانگە جیاوازە لە قۆناغەکانی پێشتری خوێندن، لێرەدا ئازادییەکی زۆرترتان هەیە، بەڵام لەگەڵ ئەو ئازادییەدا، بەرپرسیارێتییەکی گەورەتر دەکەوێتە سەر شانتان، تێگەیشتن لە ڕێنماییەکانی بەشداری ل وانەکان (ئامادەبوون و غەیابات)، ئەنجامدانی ئەرکەکان (Assignments) لە کاتی دیاریکراودا، و تێگەیشتن لە ڕێنمایی بۆلۆنیا پرۆسێس و سیستمی  هه‌ڵسه‌نگاندن و یەکەکانی خوێندن (ECTS / Credits)، بنەمای سەرکەوتنی ئەکادیمین،  تکایە لە ڕۆژانی سەرەتادا بە وردی ڕێنماییەکانی پەیمانگە بخوێننەوە و پەیڕەویان بکەن، تا تووشی هیچ ئاڵۆزییەک نەبنەوە، یاخود بەشداری وانەی ڕێنماییەکانی پیواژۆی بۆڵۆنیا بکە، کە لەلایەن بەڕێوەبری تۆمارەوە دەوترێتەوە.

٢-ئیتیكی ئەکادیمی و دەستپاکیی زانستی (Academic Integrity)

پەیمانگە قەڵای دەستپاكی و زانستخوازییە، دزینی زانستی (Plagiarism)، گزیکردن لە تاقیکردنەوەکاندا، یان ڕادەستکردنی کارێک کە هی خۆتان نەبێت، نەگونجاوە لەگەڵ بەهاکانی پەیمانگەدا، ئێمە وەک تۆمار جەخت لەسەر پاراستنی ستانداردە ئەکادیمییەکان دەکەینەوە، هەر لە ەهێزکردنی توانای نووسین، توێژینەوەی ڕەسەن....تاد، بۆیە پشت بەخۆبەستن، تەنها ڕێگایە کە بڕوانامەکەتان بە بەها و شکۆ دەکات.

٣-خۆڕاگری و بەڕێوەبردنی کات

پەیمانگە پڕە لە دەرفەت و لە هەمانکاتیشدا پڕە لە ئەرک، وەک تاقیکردنەوەکان، ڕاپۆرتەکان، و پڕۆژە بەکۆمەڵەکان....تاد، بۆیە ئەوەی فێرخوازێکی سەرکەوتو لەوانی تر جیادەکاتەوە، توانای سەرکردایەتیکردنی خوێندنی خۆی و بەڕێوەبردنی کاتە، فێرببن چۆن ئەرکە لەپێشینەکانتان دەستنیشاندەکەن، ئەرکەکانتان دوانەخەن و هاوسەنگیی لە نێوان ژیانی زانستی و ژیانی کەسیتاندا بەدروستی رێکبەخەن.

فێرخوازانی ئازیز:

تکایە پەیمانگە تەنها لە چوارچێوەی بەدەستهێنانی نمرە، یان وەرگرتنی بڕوانامەیەک کورت مەکەنەوە، جیهانی ئەمڕۆ بە خێراییەکی چاوەڕواننەکراو لە گۆڕاندایە، هەر لە تەکنەلۆجیا، ژیریی دەستکرد، و گۆڕانکارییە ئابورییەکان و....تاد، بۆیە سەرجەم شوێنەکان داوای لێهاتوویی زۆر زیاتر لە بڕوانامەیەکی کاغەزی دەکەن، لەسەر ئێوەیە ئەم لێهاتووی و کارامەییەکانە بەدەستبهێنن، واتە پەرە بە لێهاتوویی و کارامەییە نەرمەکان (Soft Skills) بدەن، بەوەی  فێری زمانی نوێ ببەن، توانای ئاخاوتن و پێشکەشکردنی کەسی لە خۆتاندا پەرە پێبدەن، و ڕاهێنانی کارکردنی بەتیم، نەک بە گروپ بکەن و بیری ڕەخنەگرانە بەرجەسەتبکەن، جگەلەمەش بەشداری لە چالاکییە جۆربەجۆرەکاندا بکەن(یانەی فێرخوازییەکان، سیمینارەکان، کارە خۆبەخشییەکان، و چالاكییە وەرزشی و هونەرییەکان...تاد)، چونکە بەشێکی دانەبڕاون لەدروستکردنی کەسایەتییەکی تێگەیشتوو و کۆمەڵایەتی پەیمانگە، هەروەها دەرفەتێکە بۆ ناسینی هاوڕێی نوێ، دروستکردنی تۆڕی پەیوەندیی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی.

فێرخوازانی بەڕێز:

لەوانەیە لەم ڕێگایەدا تووشی سەختی ببن، نمرەیەکی نزم لە تاقیکردنەوەیەکدا، قورسیی بابەتێک، یان تەنانەت هەستکردن بە گومان لەهەڵبژاردنی بەشەکەتان، بیرتان نەچێت کە جیاوازیی نێوان سەرکەوتن و شکست لەوەدا نییە، کە تووشی ئاستەنگ نەبیتەوە، بەڵکو لەوەدایە چۆن دوای کێشەکان هەڵدەستیتەوە.

ئەگەر تووشی سەختییەک بوون، دەرگای مامۆستایانتان، ڕاوێژکارانی دەروونی، و فەرمانبەرانی تۆماری پەیمانگە هەمیشە کراوەیە بۆ دەستگیرۆیی وهاوکاریکردنتان، داواکردنی یارمەتی نیشانەی لاوازی نییە، بەڵکو نیشانەی هوشیاری و ئازایەتییە.

لە کۆتاییدا دەمەوێت بیرتان بهێنمەوە، کە ئێوە هیوا و سەرمایەی بنەڕەتیی ئەم وڵاتەن، هەر کاتژمێرێک کە لە کتێبخانەدا بەسەری دەبەن، هەر تاقیکردنەوەیەک کە بە سەرکەوتوویی تێیدەپەڕێنن و هەر بیرۆکەیەکی نوێ کە لە مێشکتاندا دروستدەبێت، هەنگاوێکە بەرەو ئاوەدانکردنەوەی کۆمەڵگە و بنیاتنانی داهاتوویەکی گەشتر، بۆیە ئێمە لە بەڕێوەبەرێتیی تۆمار شانازیتان پێوە دەکەین و لە تەواوی ئەم کاروانەدا هاوشانتان دەبین، بۆیە با پێکەوە ئەم ساڵە ئەکادیمییە بکەینە ساڵێکی پڕ لە دەستکەوتی زانستی و داهێنان و گەشەکردن.

سەرکەوتوو و سەربەرز بن.